بەیاننامەی (٣٢) ساڵەی ڕاگەیاندنی ڕێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان
بەیاننامەی (٣٢) ساڵەی ڕاگەیاندنی ڕێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان
قوتابیانی خۆشەویست ... مامۆستایانی بەڕێز
دایكان و باوكانی ئازیز...
ئەندام و دۆستانی ڕێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان...
ئەمڕۆ، (٣٢) ساڵ بەسەر تەمەنی پڕ لە خزمەت و تێكۆشانی ڕێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستاندا تێدەپەڕێت. زیاتر لە سێ دەیەیە، ڕێكخراوەكەمان وەك چەترێكی پەروەردەیی و نیشتیمانی، بە درووشمی (پەروەردە، زانست، داهێنان) و لەپێناو (پەروەردەكردنی نەوەیەك بۆ ئایندەی نەتەوەیەك)، بێ وچان كاری بۆ پێگەیاندنی تاكی هۆشیار و زانستپەروەر كردووە.
لەم یادە شكۆدارەدا، جەخت دەكەینەوە كە خزمەتكردنی بواری پەروەردە و فێركردن و دابینكردنی ژینگەیەكی تەندرووست بۆ قوتابیان، هەمیشە لە پێشینەی كارەكانمان بووە و دەبێت.
ئێمە لە كاتێكدا ئەم یادە دەكەینەوە، كە هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی چەندین هەڕەشە و هێرشی ناڕەوا بووەتەوە. لێرەوە بە توندی هێرشكردنە سەر خاكی هەرێمی كوردستان و شەهیدكردنی هاووڵاتیانی سڤیل مەحكوم دەكەین. پاراستنی قەوارەی هەرێم و گیانی هاووڵاتیان ئەركێكی نەتەوەییە و پێویستە هەمووان یەكدەنگ بن لە ئاستیدا.
هەر لەم سۆنگەیەشەوە و بەهۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەی كە پڕۆسەی خوێندنی تێدا كرایە ئۆنلاین، ئومێدەوارین ئەم قۆناغە بە یەكجاری كۆتایی پێ بێت و دەرگای هۆڵەكانی قوتابخانە، زانكۆ و پەیمانگەكان بە ڕووی قوتابیاندا بكرێنەوە، هاوكات پێمان وایە نابێت خوێندنی ئۆنلاین ببێتە هۆی پێشێلكردنی مافی قوتابیان و بە زیان لەسەر ئاستی زانستییان بشكێتەوە.
جەخت دەكەینەوە كە پێویستە لەنێو ناوەندەكانی خوێندندا زیاتر لە جاران كاری جددی لەسەر بەهێزكردنی دڵسۆزیی بۆ نیشتیمان و ئینتیمای نەتەوەیی بكرێت تاوەكو نەوەیەكی نیشتیمانپەروەر گۆش بكرێن.
لە لایەكی دیكەوە و بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دارایی، داواكارین هاوكاریی جدیی قوتابیان بكرێت لە ڕێگەی داشكاندن لە كرێی ساڵانەی خوێندنی زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكان (هاوشێ،ەی حكوومییەكان)، بۆ ئەوەی باری گرانی سەر شانی خێزانەكان سووك بكرێت.
ئێمە لە ڕێكخراوی گەشەپێدان، وێڕای جەختكردنەوە لە بەردەوامیی پڕۆژەكانمان لە بوارەكانی هۆشیاریی و پەروەردەیی، بەڵێن دەدەین كە وەك هەمیشە داكۆكیكاری مافەكانی قوتابیان بین.
گەشەپێدان ناوەستێت، بەڵكو بە ئیرادەیەكی پۆڵایین و ستراتیژییەتێكی ڕوونترەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو دەنێت و، هەموو توانایەكمان دەخەینە خزمەت بونیادنانی تاكی كورد، چونكە بەردەوامیی ئێمە لەسەر پەیام و ئامانجەكانمان تەنها بۆ یەك مەبەستە، ئەویش خزمەتكردنی پیرۆزی قوتابیان و ئایندەی ئەم نیشتیمانەیە.
پیرۆزبێت ٣٢ ساڵەی خزمەت و گەشەپێدان.
ڕێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان
مەكتەبی سكرتاریەت
9-4-2026
